دیوانی دادپەروەریی ئیداری حوکمی دەرکردنی فرمێسک فەتاحی، مامۆستای کوردی خەڵکی مەریوانی وەک خۆی پەسەند کردەوە، ئەم حوکمە پێشتر لە لایەن لیژنەی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکارییەوە دەر کرابوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم مامۆستایە کە پێشینەی ١٤ ساڵ ڕاهێنەری و بەڕێوەبەریی قوتابخانە پێش‌سەرەتایی و سەرەتاییەکانی مەریوانی هەیە، لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ۲۰۲۳) لە لایەن لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکارییەوە لە کار دەر کرابوو. لە ڕاگەیاندننامەی حوکمەکەدا نووسرابوو کە ئەم هاووڵاتییە «بە هەڵگری مەرجەکانی هەڵبژاردنی کەسی شایستە نەزانراوە» و هەر بۆیە ڕەزامەندی بە دامەزراندنی نەدراوە.

ئەم مامۆستایە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا چەنین جار بانگهێشتی بەردەم لیژنەی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان کرابوو و لەسەر لایەنگریکردن لە مەکتەب قورئان لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

دەوترێت ئەم مامۆستایە دوای ئەوەی ٤ جار لە لایەن لیژنەی هەڵبژاردنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکارییەوە بانگهێشت کراوە و لەسەر ئەم بابەتە خراوەتە بەر لێپرسینەوە، دواجار لە کارەکەی دەر کراوە.

پاش ئەوەیش کە بە شێوەی یاسایی تانەی لە حوکمەکە داوە، بەم دواییانە لقی ٢٩ی دیوانی دادپەروەریی ئیداریی ئێران حوکمەکەی وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە.