ئەسعەد ئەفرەنجە، کۆڵبەری لاوی خەڵکی مەریوان، لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، شەوی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە نزیک گوندی «ئەسکۆڵ»ی مەریوان لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی ئەسعەد ئەفرەنجە دەسبەجێ کوژراوە.

ئەسعەد ئەفرەنجە، ٢٥ ساڵان، خەڵکی گوندی «سیاناو»ی مەریوان و باوکی منداڵێک بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە پووشپەڕی ١٤٠٣دا (ژوەن و جولایی ٢٠٢٤) سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی ئەرکان باڵواسە، ئەیوب محەممەدی و کیان زەینی بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و سەردەشتدا کوژران.