دایە مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی بۆکان، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ بدرێت، تا ئێستایش هەر دەستبەسەرە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دایکە دادخوازە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا تەنها یەک جار پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی بە خزمێکیانەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە لە ژوورێکی تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە.

دایە مینا لەم پێوەندییە کورتە تەلەفۆنییەدا کە حەفتەیەک دوای دەستبەسەرکردنی بووە، وتوویەتی کە بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرێتە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و شەوان دەیگەڕێننەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

بەردەوامیی دەستبەسەربوونی ئەم دایکە دادخوازە لە کاتێکدایە کە لە مافی وەرگرتنی دەواودەرمانەکانی بێبەش کراوە و دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستایش لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و بارودۆخی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

شەوی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی دایە مینا سوڵتانی لە شاری بۆکان و ئەم دایکە دادخوازەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرد.

دایە مینا بە هۆی دادخوازی و چالاکییەکانیەوە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووی گوشار و هەڕەشەی دامودەزگا ئەمنییەکان بووەتەوە.

شەهریار محەممەدی ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە بۆکان بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای ئەوەی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە گیانی بەخت کرد.