مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ سزای ٢٥ ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، لەم حەفتانەی ڕابردوودا بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بەڵام سزای لەسێدارەدانەکەی لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٤) دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری گۆڕدرا بۆ سزای ٢٥ ساڵ بەندکران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣دا (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر شێوەی دەستبەسەرکران، ڕاگیرانی درێژخایەن لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییکردن بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەبێ ڕەچاوکردنی مافی بەرگریکردن لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا و دادگایینەکران لە دادگای تایبەتی مەلایاندا، مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاندبوو. مامۆستا خزرنژاد دوای ناردنی نامەی مانگرتنەکەی بۆ بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێ کرا و دوای چەند ڕۆژ گواستبوویانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ١٢ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.

بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڵێنیان پێ داوە کە لەبەر ئەوەی بنەماڵەکەی لە شاری سنە دەژین، دەیگوازنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی مانگرتنەکەدا لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش کرابوو و تەنها یەک جار پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە کردبوو.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

محەممەد خزرنژاد لە چەند حەفتەی یەکەمی دەستبەسەربووندا مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کرابوو و بۆ ماوەی ١٠٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. ئاستی ئەشکەنجەکان هێندە قورس بووە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری بەسەر لەشیەوە دیار بووە.

دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، لەوانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانی زۆرەملێ کە بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. ئەم سزایە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاوریل) لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرابوو.

دوای پەسەندکردنی حوکمەکە، داوای لێخۆشبوون لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکەیە برایە بەردەم کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری.

لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٤) ماڵپەڕی میزان، دەزگای دادوەری و سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا باسیان لە «لێخۆشبوون بە پلەیەک دابەزاندنەوە» کردبوو، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕێژەی بەندکرانەکەی نەدابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە ئێستا حوکمی ٤١ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە واتە ٢٥ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

محەممەد خزرنژاد هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەدەبیاتی عەرەبە و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر سەرقاڵی توێژینەوە و وەرگێڕان لە بواری زانستە ئیسلامییەکاندا بووە. ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.