زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە ڕاگرتنی درێژخایەن و چەندین مانگەی خۆیان لە دۆخی دژواری ئەم دوو بەندەدا، لە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانەوە (٢ی سێپتامبەر) مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لانیکەم ٢٢ بەندکراو کە لە زیاتر لە ٦ مانگ لەمەوپێشەوە بۆ سزادان ڕەوانەی ئەم دوو بەندە کراون، وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامبوونی ڕاگرتنیان لەم بەندانەدا، لە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەرمانانەوە (٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) مانیان لە خواردن گرتووە. بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی ورمێ تا ئێستا تاکە داخوازیی ئەم بەندکراوانەیان کە گەڕانەوەیە بۆ بەندەکانی پێشووی خۆیان، ڕەت کردووەتەوە.

بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە تەنیشت ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم زیندانەدان. ئەم بەندانە دوو ژووری بچووکی ٣٠ مەتری و حەوشەیەکی ٩ مەترین و کۆمەڵێک قەدەغە و سنوور بۆ پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە لەسەر بەندکراوان دادەنرێت و لە دۆخی دژواری ئیزۆلەدا ڕادەگیرێن.

پێشتر و لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ئاوریلی ٢٠٢٤) ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران و دامەزراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، باسیان لەوە کردبوو کە هەندێ لە زیندانییەکان لەژێر گوشاری دۆخی دژواری ئەم دوو بەندەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە.

لە بەشێکی ئەم نامەیەدا وترابوو: «ئێمە وەک ژمارەیەک لە زیندانیانی بەندەکانی ئەمن و تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاگادارتان دەکەینەوە کە لەم زیندانەدا بەندێکی نهێنییان بە ناوی بەندی تایبەت دروست کردووە، ئەڵبەت بەند نییە بەڵکوو دوو ژووری ٣٠ مەترییە کە یەکیان ناو نراوە بەندی ئەمن و ئەوی تریان بەندی تایبەت. زیندانیانی ئەم دوو بەندە لە مافی دیدارکردن بێبەش کراون و تەنها لە بەندی ئەمندا و بە شێوەیەکی سنووردار دەرفەتی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان پێ دەدرێت. ئێمە بە شێوەی نایاسایی لەم بەندانەدا ڕاگیراوین. لە ناوماندا کەسانێک هەن کە ماوەی ٦ مانگە گوازراونەتەوە بۆ ئێرە. بنەماڵەکانمان زۆر نیگەرانمانن و ئێمەیش لەوان بێئاگا و بێخەبەرین. جیا لە پاسەوانەکانیش هیچ بەرپرسێک سەردانی ئێرە ناکات. هەرکام لە ئێمە بە هۆی ڕاپۆرتێکی هەڵبەستراوی زیندانەوە و بۆ سزادان ڕەوانەی ئێرە کراوین و نازانین ماوەی مانەوەمان لێرە چەنێک و تا کەیە. چەندەها جار داوای دیدارمان لەگەڵ سەرۆکی زیندان کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە. هەندێ لە زیندانییەکان لەژێر گوشاری دۆخی دژواری ئەم بەندەدا هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. ئێمە هیوامان بە ژیان لە دەست داوە و بگرە پێمان وایە ئاسوودەیی لە مردندایە. ئایا ئێمەی زیندانی مافی ژیانکردنمان نییە؟ ئایا ژیان بۆ ئێمە کۆتایی هاتووە؟ کەسانێک کە بەرەنگاری ئەم دۆخە دەبنەوە بە توندی لە لایەن پاسەوانانی زیندانەوە ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت پزیشکیش سەردانی ئێرە ناکات بۆ ئەوەی دەرمانمان بکات».