سوڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان کە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٤) لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە حەوتەم ڕۆژی مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە. هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ (١١ی ئاگۆست) دایە عەزیمە و ئەحمەد حەسەنزادە، دایک و باوکی محەممەد حەسەنزادە، بانگ کراون بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و خراونەتە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سوڵماز حەسەنزادە لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژەوە (٦ی ئاگۆست) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامیی مانەوە لە دۆخی دەستبەسەربووندا، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە. ئەم ژنە دادخوازە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی وەرگرتنی پارێزەر و دیداری بنەماڵە بێبەش بووە.

لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر ئەم بنەماڵە دادخوازە، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ (١١ی ئاگۆست) دایە عەزیمە و ئەحمەد حەسەنزادە، دایک و باوکی محەممەد حەسەنزادە، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگ کراون بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە خراونەتە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.

ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٣٠ی جولایی ٢٠٢٤) بنەماڵەی حەسەنزادە سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵەکەیان و وێڕای پەلاماردان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکە، ئەحمەد حەسەنزادە و سوڵماز حەسەنزادەی کچیان دەستبەسەر کرد.

هەروەها دایە عەزیمە، دایکی محەممەد حەسەنزادە، لە هێرشی هێزە ئەمنییەکاندا کەوتبووە بەر پەلاماریانەوە و بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانەی قولیپووری بۆکان کرابوو. هێزە ئەمنییەکان هەروەها وێڕای پشکنینی ماڵەکە دەستیان گرتبوو بەسەر هەندێ کەلوپەلی وەک تەلەفۆن و لەبتانەکانی ئەو بنەماڵەیەدا.

ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ (٣١ی جولای) ئەحمەد حەسەنزادە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا، بەڵام سوڵماز حەسەنزادە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

محەممەد حەسەنزادە ڕۆژی ٢٥ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٦ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری بۆکان بە چەقۆ کوژرا. دامودەزگا ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن کە کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی محەممەد حەسەنزادە دەستبەسەر کردووە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەمەیان وەک سیناریۆسازییەکی ئەمنی لە قەڵەم داوە و خودی ئەو دامودەزگا ئەمنییانە بە بەرپرسیاری کوشتنی منداڵەکەیان دەزانن.

بنەماڵەی دادخوازی حەسەنزادە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.