مامۆستا محەممەد خزرنژاد، مامۆستای ئایینیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە دانیشتووی شاری سنەن و هەر بۆیە لە چەند مانگی ڕابردوودا داوای کردبوو بیگوێزنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مامۆستا محەممەد خزرنژاد ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە.

ئەم مامۆستا کوردە لە ناوەڕاستی خەرماناندا (سێپتامبەر) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر شێوەی دەستبەسەرکران، ڕاگیرانی درێژخایەن لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییکردن بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەبێ ڕەچاوکردنی مافی بەرگریکردن لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیدا و دادگایینەکران لە دادگای تایبەتی مەلایاندا، بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣دا (١١ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای ورمێ کرا و پاش چەند ڕۆژێک گواستیانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. دواجار و پاش بەڵێنی لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە داخوازییەکانی و گواستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

ئەم زیندانییە سیاسییە ئێستا دوو حوکمی ٢٥ و ١٦ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، گەورەترین سزاکە واتە ٢٥ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

محەممەد خزرنژاد لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١دا (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەرگای ماڵەکەیان شکاندبوو و لەوپەڕی توندوتیژیدا پەلاماری مامۆستا خزرنژاد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان دابوو. هەروەها یاسر خزرنژادی کوڕی مامۆستایشیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کردبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنژاد دوای ئەوە دەستبەسەر کرا کە لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مزگەوتی ئیفتیخاریی بۆکاندا وتارێکی ڕەخنەگرانەی پێشکەش کرد. ئەم مامۆستایە دوای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە کاناڵە تێلێگرامییەکەی خۆیدا کۆمەڵێک بۆچوون و بابەتی بۆ پشتگیریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و یادکردنەوەی گیانبەختکردوان بڵاو دەکردەوە.

محەممەد خزرنژاد لە چەند حەفتەی یەکەمی دەستبەسەربووندا مافی پێوەندی و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کرابوو و بۆ ماوەی ١٠٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە. ئاستی ئەشکەنجەکان هێندە قورس بووە کە تەنانەت دوای گواستنەوەیشی بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئاسەواری بەسەر لەشیەوە دیار بووە.

دادگای مامۆستا خزرنژاد لە چوار کۆبوونەوەی کورتدا کە دواهەمینیان لە گەڵاڕێزانی ١٤٠٢دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٣) بوو، بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا نەجەفزادە و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوە چوو و دادوەر بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوە و بەرگرییەکانی تۆمەتبار و تەنها لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، لەوانە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دانپیانانی زۆرەملێ کە بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو، بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض»، «زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. ئەم سزایە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا (سەرەتای ئاوریل) لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرابوو.

دوای پەسەندکردنی حوکمەکە، داوای لێخۆشبوون لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکەیەوە برایە بەردەم کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری.

لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٤) ماڵپەڕی میزان، دەزگای دادوەری و سەرۆکی گشتیی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا باسیان لە «لێخۆشبوون بە پلەیەک دابەزاندنەوە» کردبوو، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ڕێژەی بەندکرانەکەی نەدابوو.

محەممەد خزرنژاد هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بەشی ئەدەبیاتی عەرەبە و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر سەرقاڵی توێژینەوە و وەرگێڕان لە بواری زانستە ئیسلامییەکاندا بووە. ئەم مامۆستا کوردە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ناچار کراوە واز لە ئەرکی بەرنوێژی لە مزگەوتە جیاوازەکانی سنە و بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریاندا بهێنێت.