ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) هادی ڕوستەمی، بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، دوای ئەشکەنجەدران لە لایەن هێزەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان، بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر (٢٧ی سێپتامبەر) ژمارەیەک لە هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی ورمێ هێرشیان کردووەتە سەر بەندی ٢ و کەلوپەلی بەندکراوانیان پشکنیوە. دوو لە پاسەوانەکانی ئەو بەندە بە ناوەکانی سینا سوگولی و سالار محەممەدی دوای ئەوەی لەگەڵ هادی ڕوستەمیدا تووشی دەمەقاڵە بوون، پەلاماری ئەم بەندکراوەیان دا و بە دەستووری بەرپرسانی زیندان گواستیانەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەم بەندکراوە لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینییەوە بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدایە و لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیشدا بێبەش کراوە.

هادی ڕوستەمی، بەندکراوی سزادراو بە بڕینەوەی ئەندامی جەستە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە زیندانە جیاوازەکانی ئێراندا کەوتووەتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هێزەکانی زیندانەوە. ئەم بەندکراوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا (١٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرایەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) و دوای چەند حەفتەیەک سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

بەرپرسانی زیندانی فەشافوویە ڕایانگەیاندبوو کە هۆکاری گواستنەوەی ئەم بەندکراوە دەگەڕێتەوە بۆ سکاڵانامەیەک کە ڕوحوڵڵا گوودەرزی، سەرۆکی بەندەکانی زیندانی فەشافوویە، لە جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ (ژوەنی ٢٠٢٢) بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی زیندان» و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەست» دژ بە هادی ڕوستەمی تۆماری کردووە.

هادی ڕوستەمی لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە پەیامێکدا لە قەرەنتینەی زیندانی فەشافوویەوە، وێڕای ئاماژەدان بە سکاڵانامەکەی سەرۆکی بەندەکانی زیندانی فەشافوویە و کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی تاراندا، ڕایگەیاندبوو کە جۆزەردانی ١٤٠١ (ژوەنی ٢٠٢٢) لە کاتێکدا کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بڕینەوەی ئەندامەکانی جەستە لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە، بە دەستووری ڕوحوڵڵا گوودەرزی لە لایەن هێزەکانی گاردی زیندانەوە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و ئاسەواری ئەو لێدانە، لەوانە شکانی لووت، ئەنیشک، سەر و شلبوونەوەی پلاتینیۆمی ناو لەشی، تا ئێستایش هەر دیارە و ماوەتەوە.

ئەم بەندکراوە گەلاوێژی ١٤٠٢دا (جولایی ٢٠٢٣) لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە و لە دووتوێی پەیامێکی دەنگیدا بۆ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاندبوو: «چەندین جار سەبارەت بە دۆسیەکەم نامەم نووسیوە، بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەری، بۆ پارلەمان و بۆ ڕێبەر. هیچیان وەڵامیان نەداومەتەوە. بە ناچار لە ساڵی ١٤٠١دا (٢٠٢٢) کە بۆ گواستنەوەی دۆسیەکەم برابوومە زیندانی تارانی گەورە، پەنام بردە بەر ڕێکخراوە جیهانییەکان، چەند جارێکیش قسەم کرد بەڵکوو ئەوان دەنگم ببیسن. لە وڵاتەکەی خۆمدا چەندین جار نامەم بۆ داواکاری گشتی، ڕێبەر، سەرۆکی پارلەمان و… نووسی بەڵام هیچیان دەنگی منیان نەبیست».

هادی ڕوستەمی پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٩دا (٢٠٢٠) بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٦٠ قامچیی بەسەردا سەپابوو کە سزای قامچییەکە لە گوڵانی ١٤٠٠دا (مەیی ٢٠٢٠) لە دادگای ورمێ جێبەجێ کرابوو. هەروەها لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٣) لەسەر داوای فەرهاد حاجبیی میاندواوی، بەرپرسی بەشی پشکنینی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ورمێوە بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٨ مانگ بەندکران و ٤٥ قامچیی بەسەردا سەپا.

هادی ڕوستەمی، باوکی منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ (٢٥ی ئاگۆستی ٢٠١٧) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی مێهدی شاهیوەند و مێهدی شەرەفیان لە شاری ورمێ دەستبەسەر کرا.

ئەم بەندکراوە پێشتر لە دووتوێی نامەیەکدا بۆ کۆمیسیۆنی لێبخۆشبوون و بەخشینی دەزگای دادوەریی ئێران و هەروەها ڕاپۆرتکاری تایبەتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران کە نوسخەیەکیشی نێردرابوو بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نووسیبووی: «من، زیندانی هادی ڕوستەمی کوڕی ناسر بە ژمارە دۆسیەی ١٠٠٤٠٣ لە دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، حوکمی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاست و چەندین میلیارد غەرامەی ڕادەستکردنەوەی ماڵی دزراوم بەسەردا سەپاوە. لە پێنج ساڵ لەمەوپێشەوە تا ئێستە لە زینداندام و لە ئیدارەی ئاگاهیی چەندین شار و لەوانە ورمێ، ئەردەبیل و بەندەر ئەنزەلی خراومەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییەوە».

ئەم زیندانییە لە درێژەی نامەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە لە کۆی ئەو ٢٨ حاڵەتی دزییە کە لە دۆسیەکەیدا ئاماژەی پێ کراوە ئاگای لە ٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگایش بەبێ گوێگرتن لە داکۆکییەکانی حوکمی بێبەزەییانەی بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی بەسەردا سەپاندووە.

ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کراوەتەوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی بەردەم لقی ٨ی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ کراوە. کۆمیسیۆنی بەخشین و لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری لە ساڵی ١٤٠٢دا (٢٠٢٣) سزای بڕینەوەی ئەندامی جەستەی هەردوو هاودۆسیەکەی ئەم بەندکراوەی هەڵوەشاندەوە.