هێزە ئەمنییەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەهواز هاووڵاتییەکی عەرەبیان بە ناوی فەلاح حەیدەری لە ڕێکەوەتی ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٠دا دەستبەسەر کردووە و لەو کاتەوە تا ئێستە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەسەر شوێن و دۆخی ڕاگرتنی ئەم مامۆستا ناسراوە ئەهوازییە لە بەردەستدا نییە. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆنی کوردستانی وت: «دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گوڵان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەلاح حەیدەری لە ئەهواز و بە شێوەیەکی توندوتیژکارانە خۆی و کوڕە ٢٩ ساڵەکەیان بە ناوی «سەفا» دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەروەها توندوتیژی و سووکایەتییان لە بەرانبەر ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیشیدا بەکار هێناوە و تەنانەت یەک لە منداڵەکانی ئاغای حەیدەری کە لە ئاست ئەم هەڵسوکەوتەدا ناڕەزایی دەربڕیبوو، کەوتۆتە بەر لێدانیانەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئەمنییەکان جیا لەوەی دەستیان بەسەر کەلوپەلە شەخسییەکانی ناوبراودا، مۆبایل و کتێبەکانی، گرتووە، کامێرا چاودێرییەکانی ماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە. 

ئەگەرچی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە سەفا حەیدەرییان ئازاد کردووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ١٧ ڕۆژ فەلاح حەیدەری هەر لە شوێنێکی نادیاردایە و هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

هەروەها بە درێژایی ڕۆژانی ڕابردوو سەفا حەیدەری چەندین جار بانگهێشتی بەردەم دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەهواز کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە. دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەوەشەوە نەوەستاوە و تەنانەت فەیحا حەیدەری، کچە ١٤ ساڵەکەی ئەم بنەماڵەیان لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی جۆزەرداندا بانگهێشت کردووە و لە دۆخێکی دژواری ڕۆحیدا خستوویانەتە ژێر لێپرسینەوە.

عەبدوڵڕەحمان حەیدەری، برای فەلاح حەیدەری کە دانیشتووی وڵاتی ئینگلیسە، ئەڵێ براکەی هیچ جۆرە چالاکییەکی سیاسیی نەبووە و لەبەر چالاکیی سیاسیی دوو ئەندامی بنەماڵە لە دەرەوەی ئێران دەستبەسەر کراوە: «لای ئێمە بەتەواوی ڕوون و ئاشکرایە کە هۆکاری دەستبەسەرکردنی براکەم تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییە سیاسییەکانی من و منداڵەکەی فەلاح بە ناوی عەلا حەیدەری لە وڵاتی ئوسترالیا. هەردووکمان پێشتر پەیامی هەڕەشە و گوڕەشەمان پێ گەیشتبوو کە بنەماڵەکەمان دەخەنە ژێر زەخت و گوشارەوە».

بنەماڵەی ئەم مامۆستا عەرەبە هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە نەخۆشیی دیابێت و زەختی خوێنی فەلاح حەیدەری، نیگەرانیی خۆیان لە ئاست بەردەوامبوونی ئەو دۆخە نادیارە و ڕاگرتنی لە کەشی دژواری دەستبەسەرگە و ئەگەری ئەشکەنجەدانیدا دەربڕیوە. 

فەلاح حەیدەری کە ٥٨ ساڵی تەمەنە، دەرچووی لقی دەروونناسیی پەروەردەیە لە زانکۆی عەللامە تەباتەبایی تاران و لە ساڵی ١٣٦٤ـەوە سەرقاڵی وانەوتنەوەیە لە قوتابخانە جۆراوجۆرەکاندا و مامۆستایەکی ناسراوی ئەهوازە. ناوبراو دوای خانەنشینی قوتابخانەیەکی نادەوڵەتیی لە گەڕەکێکی پەراوێزخراوی شاردا بە ناوی «سەباحی» کردەوە. بە وتەی چالاکانی عەرەبی مافی مرۆڤ، ناوبراو تەنیا لە بواری کولتووری و کۆمەڵایەتیدا چالاک بووە و وەک کەسێکی متمانەپێکراوی خەڵک لە هەندێ کاری وەک چارەسەرکردنی کێشەی نێوان خەڵک، کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی دەستکورت و هەروەها پێکهێنانی گرووپی وەرزشی بۆ لاواندا دەورێکی چالاکانەی گێڕاوە.

شایانی باسە چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی عەرەب دوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی ڕەمەزان لە ڕێکەوتی ٢٤ی گوڵانی ئەمساڵدا لە ئەهواز دەستبەسەر کراون. ئەم چالاکانە دەڵێن لەم سێ حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم لە گەڕەکی سەباحیی ئەهواز جیا لە فەلاح حەیدەری، چەند هاووڵاتی و چالاکی عەرەبی دیکەیش بە ناوەکانی ئەمیر غەرباوی، وەلید حەیدەری و یووسف توروفی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراون.