نیوەڕۆی چوارشەممە ١٩ی گەلاوێژ، هەردوو چالاکی کرێکاری مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی دوای ٢٥ ڕۆژ لە زیندانی سەقز ئازاد کران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا ئەم دوو چالاکە کرێکارییە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، حوکمی ٣ مانگ و ٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمەکەی مەحموود ساڵحی گۆڕرا بۆ ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە و حوکمەکەی عوسمان ئیسماعیلییش گۆڕرا بۆ ٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە.

ئەم دوو چالاکە کرێکارییە لە حاڵێکدا ئەمڕۆ ئازاد کران کە پێنج ڕۆژ لەو بەروارە تێپەڕیبوو کە بۆ ئازادکردنی مەحموود ساڵحی دیاری کرابوو و بۆ ئازادکردنی عوسمان ئیسماعیلییش مەرجی دانانی بارمتەی یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنی دانرابوو.

مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ٢٦ی گوڵاندا دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز دەستبەسەر کرابوون، کۆبوونەوەی دادگای ئەم دوو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە زیندانی سەقز بەڕێوە چووبوو.

لەم ساڵانەی دواییدا مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی بە هۆی چالاکییە کرێکارییەکانیان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، چەندین جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەرییەوە بانگهێشت و زیندانی کراون.