هەردوو چالاکی کرێکاریی کورد مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی کە لە ڕێکەوتی ٢٦ی گوڵاندا دوای بانگهێشتکران بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، سزای ٣ مانگ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان (٢٧ی مەی) ئەم سزایە لە زیندانی سەقز بە شێوەی فەرمی بەم دوو چالاکە کرێکارییە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی دادنامەی دەرکراو، مەحموود ساڵحی وەک تۆمەتباری یەکەم و عوسمان ئیسماعیلی وەک تۆمەتباری دووهەم بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگەی گردبوونەوەی نایاساییەوە لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا و وێنەهەڵگرتن و بڵاوکردنەوەی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەپێی مادەی ٥٠٠ی کتێبی پێنجەمی یاسای سزادانی ئیسلامیی ساڵی ١٣٧٥، تۆمەتباری یەکەم (مەحموود ساڵحی) حوکمی ٣ مانگ و تۆمەتباری دووهەم (عوسمان ئیسماعیلی) حوکمی ٦ مانگ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ مادەی ٣٨ و ٦ و ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامیی ساڵی ١٣٩٢، حوکمەکەی مەحموود ساڵحی گۆڕراوە بۆ ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە و حوکمەکەی عوسمان ئیسماعیلییش گۆڕراوە بۆ ٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە.

کۆبوونەوەی دادگای ئەم دوو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە زیندانی سەقز بەڕێوە چووبوو.

لەم ساڵانەی دواییدا مەحموود ساڵحی و عوسمان ئیسماعیلی بە هۆی چالاکییە کرێکارییەکانیان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، چەندین جار لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەرییەوە بانگهێشت و زیندانی کراون.