ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) بە دەیان هێزی ئەمنی پەلاماری ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شارەکانی کامێران، جوانڕۆ، پاوە، ڕوانسەر، سەلاسی باوەجانی و دێولانیان دا کە لە  ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزی گیانبەختکردووی خەڵکی کامێران، دەگەڕانەوە و لانیکەم پێنج لەو چالاکانەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز و فەرمانبەری ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران کە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی «کانیشە»ی ئەم شارەدا تووشی سووتانی قووڵ بوو و گیانی بەخت کرد، بە ئامادەبوونی هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنیی شارە جیاوازەکانی کوردستان و بە وتنەوەی دروشمی «شەهید نامرێ» و «کاک ئیسماعیل قارەمانە، شەهیدی کوردستانە» لە گوندی نەجەفئاوا بەڕێوە چوو.

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی لەسەر بانگهێشت و دەعوەتی دوکتور ڕەحیمی، سەرۆکی ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران، بۆ نانی نیوەڕۆ چوونە ڕیستۆرانی کوێستان لە «ملەی مرواری»ی جادەی نێوان سنە بۆ کامێران. دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ و چوونەدەرەوە لە ڕیستۆرانەکە، بە دەیان هێزی ئەمنیی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئەماکنی شاری کامێران هەڵیانکوتایە سەر ڕیستۆرانەکە و بە کۆڵت و کڵاشینکۆف و هەڕەشە، ئەو چالاکە مەدەنیانەیان بە زۆر لەسەر عەرزەکە خەواند.

هێزە ئەمنییەکان لە وەڵامی داواکردنی مۆڵەتی یاساییدا لە لایەن ژمارەیەک لەو چالاکانەوە، پەلاماریان دان و چەکیان خستە سەر سەریان و یەک لەو چاکانەیان بە ناوی حەمید سەبزە بەسەر زەوییەکەدا ڕاکێشا و لەگەڵ خۆیان بردیان. پاشان ئامانج قوربانی، فەرزین موەفەقی، حیسام مێهدیزادە، ئەمیر نەدیمی و فەریدە وەیسییش دەستبەسەر کران و دەستیان گرت بەسەر مۆبایلی هەرهەموو ئەوانەدا کە لە ڕیستۆرانەکە بوون و پێیان ڕاگەیاندن بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکانیان سەردانی ئیدارەی ئەماکنی کامێران بکەن.

ئەگەرچی حیسام مێهدیزادە دوای چەند خولەکێک ئازاد کرا، بەڵام ئەو ٥ چالاکە مەدەنییەکەی تر، ئامانج قوربانی، ئەمیر نەدیمی، فەریدە وەیسی، حەمید سەبزە و فەرزین موەفەقی، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران کران. دوای چەند کاتژمێرێک ئەمیر نەدیمی و فەرزین موەفەقییش ئازاد کران، بەڵام فەریدە وەیسی گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) و ئامانج قوربانی و حەمید سەبزەیش ڕەوانەی زیندانی کامێران کران. دەوترێت بۆ ئەم سێ چالاکە مەدەنییە بڕیاری بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی دەر کراوە.

ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٥ی جولای) بۆ وەرگرتنەوەی مۆبایلەکانیان سەردانی ئیدارەی ئەماکنی کامێرانیان کرد، بەڵام بەرپرسانی پێوەندیدار وتبوویان ئاگامان لە مۆبایلەکانتان نییە و داوایان لێ کردبوون سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن. پاش سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات، هەندێکیان دوای واژۆکردنی بەڵێننامەی نووسراو توانیبوویان مۆبایلەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام بە دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ڕوانسەر، خەلیل پەرەندەک و جەلیل پەرەندەک، ڕاگەیەنرابوو کە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ (٢٨ی جولای) جارێکی تر سەردانی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات بکەنەوە.

ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز و فەرمانبەری ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ (٢٢ی جولای) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی «کانیشە»ی ئەم شارەدا تووشی سووتان بووبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) گیانی بەخت کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم چالاکی ژینگەپارێزە بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنی لە گوندی نەجەفئاوای کامێران بەڕێوە چوو.