ڕۆژی ڕابردوو ١٣ی خاکەلێوە (٢ی ئاوریل) دەستەیەک لە کاسبکارانی سەرسنوور لە ناوچەی «گادر»ی شاری شنۆی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکان کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەک بە ناوی عەینوڵڵا قادرنژاد. هەروەها هاووڵاتییەکی تریش بە ناوی محەممەدلەتیف خالیدی بریندار بووە و دوو هاووڵاتیی تریش لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ئەو هێزە چەکدارانەی لە ناوچەی «گادر»ی شاری شنۆ جێگیر کراون، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک لە کاسبکارانی سەرسنوور کردووە کە لە ئەنجامدا عەینووڵڵا قادری کوژراوە و محەممەدلەتیف خالیدی، ٥١ ساڵان، چەندین گوللەی بەر کەوتووە و بە قورسی بریندار بووە.

دوو هاووڵاتیی تریش بە ناوەکانی محەممەدسدیق خالیدی، ٣٢ ساڵان و شەهرام ساڵح محەممەدی لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کراون.

دەوترێت ئەم ٤ هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «چریکئاوا»ی ورمێ لە کاتی پەڕاندنەوەی ئاژەڵدا کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزە چەکدارەکان.