پەرهام پەروەری، وەرزشکاری خەڵکی سەقز کە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو (ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کراوەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) لە زیندانی تارانی گەورەوە (فەشافوویە) گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە (٩ی ئاوریل) ئەم وەرزشکارە دەستبەسەرکراوە لەگەڵ چەندین زیندانیی سیاسیی دیکەدا لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی تارانی گەورەوە (فەشافوویە) گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.

کۆبوونەوەی دادگاکەیشی کە بڕیار بوو ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار دوا خراوە بۆ کاتێکی تر.

پەرهام پەروەری، وەرزشکاری ٢٥ ساڵانی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە تاران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی بەندی ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئێڤین.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردندا کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی قورسی هێزە ئەمنییەکانەوە، بە چەشنێک کە ئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە تا ئێستایش لەسەر جەستەی ماوەتەوە. هەروەها لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لە بەندی ٢٠٩، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خراوەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی فراوانەوە.

دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕووی پەرهام پەروەری کردووەتەوە.

ئەم وەرزشکارە کوردە لە رێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠١دا (٤ی ژانڤییە) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە ڕەوانەی زیندانی تارانی گەورە یان هەمان زیندانی فەشافوویە کرابوو.