دۆخی تەندروستیی قادر محەممەدزادە، زیندانیی سیاسیی کورد کە لە ٣٥ ڕۆژ لەمەوپێشەوە لە زیندانی یەزد مانی لە خواردن گرتووە، ناجێگیرە. ناوبراو کە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی لە لایەن داواکاریی گشتیی مەهابادەوە ڕەت کراوەتەوە، بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر ئەم ڕەتکردنەوەیە لە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژەوە دەستی بە مانگرتن کردووە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ١٦ ساڵ لەمەوپێشەوە بەپێی حوکمێکی ٢٠ ساڵە لە زیندانەکانی ورمێ و یەزد لە زینداندا بووە، تا ئێستا مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ نەدراوە.

ئەندامێکی بنەماڵەی قادر محەممەدزادە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا سەبارەت بە دوایین دۆخی ئەم زیندانییە و قۆناغە یاساییەکانی داواکاریی پشووی کاتیی ناوبراو وتی: «هەم دادگا و هەم بەرپرسانی زیندانی یەزد ڕەزامەندیی خۆیان بۆ داواکاریی پشووی کاتیی ناوبراو ڕاگەیاند و تەنانەت بارمتەی یەک میلیارد تمەنییشیان بۆ دیاری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد حوکمەکەی دەر کردووە، بەرپرسانی دادوەریی یەزد بۆچوونی داواکاری گشتیی مەهابادیشیان وەرگرتووە. بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی ئێمە بارمتەکەیشمان ئامادە و ڕادەستی دادگوستەریی مەهاباد کردبوو، بەڵام مێهراب ئەکبەرپوور، داواکاری گشتیی مەهاباد، بۆ خۆی پێدانی پشووی کاتی بە قادر محەممەدزادەی ڕەت کردۆتەوە».

گوایە ئەمنیەتیبوونی دۆسیەکە هۆکاری دژایەتیکردنی داواکاری گشتیی مەهاباد بووە، بەڵام قادر محەممەدزادە و بنەماڵەکەی پێیان وایە لەم بابەتەدا بۆچوونی خودی داواکار و ڕازینەبوونی بە پێدانی پشووی کاتی یەکلاکەرەوەیە، چونکوو بەرپرسانی زیندان و بەرپرسانی یاسایی وێڕای ئاگاداربوون لە وردەکارییەکانی دۆسیەکە پێدانی پشووەکەیان قبووڵ کردووە، هەر بۆیە هیچ ڕێگرێکی یاسایی لە ئارادا نییە.

بە وتەی بنەماڵەی قادر محەممەدزادە دۆخی جەستەیی و تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ٣٣ ڕۆژ مانگرتن ناجێگیرە و لەم ڕۆژانەی دواییدا و سەرەڕای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی زیندان ئامادە نەبووە سێرۆم وەربگرێت: «لە دوایین پێوەندیی تەلەفۆنیماندا وتی ئەگەرچی بە هۆی مانگرتنەکەوە زۆر لاواز بووە بەڵام تا بەدەستهێنانی کەمترین داواکارییەکەی کە بەهرەمەندبوونە لە مافی پشووی کاتی دوای تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندان، ئامادە نییە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت. هەروەها وتیشی هەموو ڕۆژ بە نووسراو مانگرتنەکەی بە بەرپرسانی زیندانی یەزد ڕادەگەیەنێت، بەڵام ئەوانیش پێیان وتووە کە دژی پێدانی پشووی کاتی بەو نیین و چاوەڕێی بۆچوونی ئەرێنیی داواکاری گشتیی مەهابادن.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٨دا هەر بە هۆکارێکی هاوشێوە مانی لە خواردن گرتبوو و دوای مانگێک و ٩ ڕۆژ لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی یەزد بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو

قادر محەممەدزادە، لەدایکبووی ڕەشەمەی ١٣٥٦ی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٨٤دا لەگەڵ محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» و «کوشتنی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەم دوو زیندانییە سیاسییە دوای چەند مانگ مانەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی مەهاباد و ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران و دوای ١٥ مانگ نادیاربوونی چارەنووس، لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «موحارەبە» دادگایی کران.

لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد قادر محەممەدزادەی مەحکووم کرد بە ١٨ ساڵ زیندان لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی «یەزد» و سزای ١٨ ساڵ زیندان لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی «تەبەس»یشی بەسەر محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهیدا سەپاند. دواتر ئەم حوکمانە وەک خۆیان لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا پەسەند کرانەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە هەروەها لە لایەن دادگای کەیفەریی مەهابادەوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» حوکمی قەساس و ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، شەم حوکمە دوای تانەلێدان لە ساڵی ٩٢دا لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشێنرایەوە و گۆڕدرا بۆ پێدانی دیە.

قادر محەممەدزادە، لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٩ لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «پێوەندی لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵاتدا» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشەوە دیسان حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپا.

 کاوە کرماشانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاست دۆخی تەندروستیی قادر محەممەدزادەدا، بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتیی بە مافی ئەم زیندانییە سیاسییە دەزانێت و وتی: «دوای تێپەڕاندنی ١٦ ساڵ زیندان کە بەشێکی وەک دوورخستنەوە لە زیندانی یەزددا بووە، بەهرەمەندبوون لە مۆڵەتی پشووی کاتی کەمترین مافێکە دەبێ بەم زیندانییە بدرێت.»

ناوبراو لە درێژەدا وتی: «بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان هێناوە، بنەماڵەی قادر محەممەدزادە و بە تایبەت دایکە بەساڵاچووەکەی تا ئێستا تەنانەت توانای سەفەرکردن بۆ یەزد و دیداری منداڵەکەیانیان نەبووە و بە سەختی توانیویانە بارمتەی قورسی یەک میلیارد تمەنی ئامادە بکەن و قۆناغە ئیداری و یاساییەکان لە دادگوستەریی مەهاباددا جێبەجێ بکەن، بەڵام دژایەتیکردنی داواکاری گشتیی مەهاباد بۆتە هۆی پەککەوتنی بەهرەمەندبوونی ناوبراو لەم مافە یاساییە. 

بڕیارەکەی داواکاری گشتیی مەهاباد هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و تەنها لەسەر بنەمای بۆچوونی شەخسیی خۆی وەرگیراوە. بە داخەوە بەرپرسانی دەزگای دادوەری لە هەندێ ناوچەی وەک کوردستاندا و لە پێوەندی لەگەڵ زیندانییانی سیاسیدا تەنانەت هەر ئەم یاسایانەی خۆشیان پێڕەو ناکەن، بەڵکوو بەپێی دەسەڵاتی سەروویاسایی خۆیان هەم بەندکراوەکە و هەمیش بنەماڵەکەی دەخەنە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە. ئەم گوشار و هەڵسوکەوتانە لە ئاست ئەو زیندانییانەدا کە ناتوانی پارێزەر بۆ خۆیان دیاری بکەن گەلێ قورستریشە.

ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە گشتییەکان کرد بە سەرنجدان بە دۆخی تایبەتی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان کە لە زیندانەکانی دەرەوەی پێتەختی ئێران لە دۆخێکی زۆر دژوارتردان، پشتگیری لە ماف و داواکارییە یاساییەکانیان بکەن و لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی بارودۆخیان شێلگیر بن: «قادر محەممەدزادە زیاتر لە مەنگێکە مانی لە خواردن گرتووە و نایەوێ تا دەستەبەرکردنی داواکارییە یاساییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێ. بنەماڵەکەی و ئێمەیش زۆر نیگەرانی تەندروستیی ئەوین و داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنە گشتییەکان دەکەین شێلگیر بن لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی دۆخە تایبەتەکەی قادر و هەموو ئەو زیندانییانەی لە دۆخێکی هاوشێوەدان، هەروەها هەموو هەوڵێکی پێویست بخەنە گەڕ بۆ پاڵپشتیکردنی داواکارییە یاساییەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە بەهرەمەندبوونە لە مۆڵەتی پشووی کاتی دوای ١٦ ساڵ زیندان.