بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧، ژمارەیەک هێزی ئەمنی لەکاتێکدا دەمامکیان بە ڕووەوە بووە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “ئانیسا جەعفەری‌مهر”، چالاکوانی کولتوری کورد لە شاباد و دەستبەسەریان کردووە. ئەو هێزانە پاش پشکنینی ماڵەکە دەستیان بە سەر کەلوپەلی شەخسیی ئەو چالاکوانە کوردە وەک لەپ‌تاپ، کتێب، یاداشت و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکار و ناوەندی بەرپرسی دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکوانە کولتورییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

ئانیسا جەعفەری‌مهر لە کاتێکدا دەستبەسەرکراوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ چالاکوانی کولتوریی دیکە بە ناوەکانی “سۆهراب مورادی“، “داریوش مورادی” و “ئەحمەد بەساتی” لە شاباد و “ئاکۆ جەلیلیان“، نووسەر و توێژەری کورد لە کرماشان دەستبەسەرکراون.

ئانیسا جەعفەری‌مهر، خوێندکاری ماستەری کۆلێژی زمانی زانکۆی کوردستان و یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نووسەرانی گۆڤاری ئەدەبی و کولتوریی “ژ” یە.