تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) دوکتور بەختیار محەممەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام دەستبەسەر کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام و هێزە ئەمنییەکان داوایان لێ کردبوو ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان (٢٩ی ئاگۆست) سەردانی ئەو دەزگا ئەمنییە بکات.

دوکتور بەختیار محەممەدزادە کە بەرپرسی یەک لە دەرمانخانەکانی دەڕەشاری ئیلامە، پێشتر و لە سەرەتای ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوویشدا (مارسی ٢٠٢٣) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام دەستبەسەر کرابوو و دوای نزیک بە ٢ مانگ لە ڕێکەوتی ٦ی گوڵانی ئەمساڵدا (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرابوو.