دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی چالاکی ژینگەپارێزی گیانبەختکردوو ئیسماعیل کەریمی لە گوندی نەجەفئاوای کامێراندا، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ژمارەیەک لە بەشداربوانی ئەم ڕێوڕەسمەیان دەستبەسەر کرد و ڕەوانەی شوێنێکی نادیاریان کردن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) لانیکەم شەش چالاکی مەدەنیی خەڵکی شارەکانی کامێران و پاوە بە ناوەکانی فەریدە وەیسی، حەمید سەبزە، ئامانج قوربانی، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی و حیسام مێهدی لە کاتێکدا کە لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی چالاکی ژینگەپارێزی گیانبەختکردوو ئیسماعیل کەریمی دەگەڕانەوە، لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ژمارەیەکی تر لە چالاکانی مەدەنیدا گرتووە و داوایان لێ کردوون ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کامێران بکەن.

ئامانج قوربانی، فەرزین موەفەقی و ئەمیر نەدیمی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکیی مەدەنی و ژینگەپارێزییەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە لە کامێراندا دەستبەسەر کراون.

ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز و فەرمانبەری ئیدارەی کانزا سروشتییەکانی کامێران کە ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ (٢٢ی جولای) لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی «کانیشە»ی ئەم شارەدا تووشی سووتان بووبوو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) گیانی بەخت کرد. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەم چالاکی ژینگەپارێزە بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنی و بە وتنەوەی دروشمی «شەهید نامرێ» لە گەندی نەجەفئاوای کامێران بەڕێوە چوو.