لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا و دوابەدوای ڕەوانەکردنی بەربڵاوی هێزەکانی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ئینتیزامی و سوپای پاسداران بۆ شارەکانی ورمێ، بۆکان، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، کامێران، جوانڕۆ، کرماشان، شاباد، ئیلام و ئاودانان، کەشێکی ئەمنیی قورس باڵی بەسەر ئەم شارانەدا کێشاوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران هێزی یەکەی تایبەتی پۆلیسی ئینتیزامی و قەرارگا جیاوازەکانی سوپای پاسدارانی پارێزگاکانی تری ئێران ڕەوانەی ئەم شارانەی کوردستان کراون و دوای جێگیرکردنیان لە بنکەکانی پۆلیسی ئینتیزامی و سوپای پاسداراندا، چوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا و بە فەرمانی شۆرای دابینکردنی ئاسایشی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان و ئیلام، دامودەزگا ئەمنییەکان لە زۆربەی شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی ئەم پارێزگایانەدا کامێرای چاودێرییان داناوە.

لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەقز، مەریوان، کامێران، سنە و دیواندەرە بە سەدان هاووڵاتی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و لەبەر بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارانەدا بە شێوەی کاتی دەستبەسەر کرابوون، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ئیدارەی ئیتلاعات و پۆلیسی ئەمنییەتەوە بانگهێشتی بەردەم ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنیانە کراون و لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردوون کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بەشداری بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی لەگەڵ هەندێ لەم کەسانەدا وتووێژ بکات، ئەوان دەڵێن لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کردوون بۆ ماوەی چەندین مانگ وێنەی پرۆفایلی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بگۆڕن بۆ وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەروەها بەڵێننامەی نووسراویان پێ واژۆ کردوون کە لە ئەگەری بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەدا دەستبەسەر دەکرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێت.

لە درێژەی ئەم گوشارانەدا، بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعات لە شارە جیاوازەکاندا بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوو کردووە کە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی ئەو گیانبەختکردوانە بەڕێوە ببەن و هەڕەشەی کوشتنیان لە هەندێ لە ئەندامانی ئەو بنەماڵانە کردووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،تەنها لەم حەفتەیەدا لانیکەم ٥٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، سنە، دیواندەرە، بانە، بۆکان و شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.