بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نزیک کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەرمانان (١٦ی سێپتامبەر) کاروانێکی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر باخێک لە دەوروبەری گوندی ئارەنانی سنەدا و دوو هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی عەلی ئەحمەدی و دیار ئەحمەدی دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

دەوترێت دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە لێدان و توندوتیژییەوە بووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان،لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینی و دەسپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و تەنها لەم ٨ ڕۆژەی دواییدا، لانیکەم ٨٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.