سەرەڕای تێپەڕینی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد کەدخودای هاووڵاتیی خەڵکی بۆکاندا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکن و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەردا (١٤ی ئۆکتۆبەر) هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و دوای پشکنینی ماڵەکەی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەی محەممەد کەدخودا بۆ دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان شاری بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی بەردەست نەکەوتووە.