لەسەر چارەنووسی سەیاد دەروێشی، برای فەرجاد دەروێشی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە ورمێ کە سەرەتای گەڵاڕێزان (کۆتایی ئۆکتۆبەر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای ورمێیان کردووە بەڵام تا ئێستا لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

دامودەزگا ئەمنییەکان هەروەها هەڕەشەیان لەم بنەماڵە دادخوازە کردووە کە بۆیان نییە سەبارەت بە دۆخی کوڕەکەیان هیچ وتووێژێک بکەن یان هەواڵی لەسەر بڵاو بکەنەوە.

چەند ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە سەیاد دەروێشی لە دەستبەسەرگەیەکی ئەم دەزگایەدایە لە شاری ورمێ و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕادەستی دادگا دەکرێت.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە مافی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەدا بێبەش کراوە.

سەیاد دەروێشی لە سەرەتای گەڵاڕێزاندا (کۆتایی ئۆکتۆبەر) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە شەقامێکی ورمێدا دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە پێش دەستبەسەرکران چەندین جار بە تەلەفۆن لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو. دامودەزگا ئەمنییەکان هەروەها ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبەر) بە شێوەیەکی بەربڵاو لە گوندی «بالۆ»ی ورمێ جێگیر کران و مۆڵەتیان بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵیادی گیانبەختکردنی فەرجاد دەروێشی نەدا.

فەرجاد دەروێشی، هاووڵاتیی کوردی ٢٣ ساڵانی خەڵکی گوندی «بالۆ»ی ورمێ، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی گەڕەکی وەلیعەسری ئەم شارەدا بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان گیانی بەخت کرد.