لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی سامان ئۆوەیسی دوای بانگهێشتکران بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم لاوە ٢١ ساڵەیە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشت کراوە بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی مەهاباد و پاشان لە لایەن ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

لە سەرەتای خاکەلێوەی ئەمساڵەوە (٢١ی مارسی ٢٠٢٤) تا ئەمڕۆ لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارەکانی سنە، دێلوڕان، بۆکان، شنۆ، سەرپێڵی زەهاو، ئیلام و سەقز دەستبەسەر کراون. لەم ژمارەیە ٨ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.