سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی هووشمەند مورادی، مەتین مێهدیزادە و عادڵ حاجی‌خەلانی لە شارەکانی تاران، شنۆ و سەردەشت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی جۆزەردان (٢ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەتین (زانیار) حاجیزادە لە گوندی «زمێ»ی شنۆ و ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هاوکات هەمان ڕۆژ هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە سەردەشت هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی عادڵ حاجی‌خەلانی و دوای شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکە، ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها دوای تێپەڕینی ٨ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی هووشمەند مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە کاتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جاری دیکە لە شارەکانی تاران و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا بوو و بە سەختی ئەشکەنجە درابوو.

هووشمەند مورادی بۆ سێهەم جار لە رێکەوتی ٥ی جۆزەرداندا (٢٥ی جۆزەردان) دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە شاری تاران، بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای جۆزەردانەوە (٢١ی مەی) تا ئێستا لانیکەم ١٣ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کراون.