کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «وەڵیو»ی سەردەشت بە ناوی ڕەحیم ئیبراهیمی لە ئەنجامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە، لە ناوچە سنوورییەکانی قەندیلی سەردەشت کەوتە ناو ڕووبارێکەوە و گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دوانیوەڕۆی هەینی ١١ی جۆزەردان (٣١ی مەی) دەستەیەک کۆڵبەر لە کاتی گەڕانەوە و لە ڕێگای کۆڵبەریدا، لە ناوچەی «مێرگەژان»ی چیای قەندیل کەوتنە ناو بۆسەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە و هەوڵیان دا خۆیان لە بۆسەکە ڕزگار بکەن، بەڵام لە لایەن ئەو هێزانەوە دەسڕێژیان لێ کرا.

ئەم کۆڵبەرانە لە ترسی دەستبەسەرکران هەڵاتن و هێزە سنوورپارێزەکانیش کەوتنە دوایان، بەڵام لە کاتی هەڵاتندا یەک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی ڕەحیم ئیبراهیمی ون بوو.

ڕۆژی شەممە ١٢ی جۆزەردان (١ی ژوەن) تەرمی بێگیانی ئەم کۆڵبەرە لە نزیک کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماسیی «خدراوێ» لە هەمان ناوچەدا، لە لایەن تیمە خۆبەخشەکانی خەڵکەوە دۆزرایەوە.

ڕەحیم ئیبراهیمی ٣٠ ساڵان، خێزاندار و باوکی ٣ منداڵ بوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا شەش کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی شوانە ئەحمەدپوور، هێمن ئەحمەدی، جەلال سوهرابی، عەتا ڕوستەمپوور، سالار ئەحمەدی و واحید قادرپوور لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، سەقز و سەردەشت بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون.