ئومید ئەحمەدی، ئیسماعیل مەعرووفی، سلێمان مەحموودی (قاسم چۆمه‌لانی) و عەلی دانش، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و مەهاباد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ (٩ی جولای) ئومید ئەحمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای ئەم شارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردنەکاندا، ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئیسماعیل مەعرووفی و ئەم مامۆستا خانەنشینەیان بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کردووە.

هەروەها شەوی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ (١٠ی جولای) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە دەروازەی ئەم شارەدا سلێمان مەحموودی (قاسم چۆمه‌لانی)یان دەستبەسەر کردووە. هاوکاتیش هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی عەلی دانش لە شاری مەهاباد و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، ئەم هاووڵاتییەیشیان دەستبەسەر کردووە.

تا ئێستا لەسەر شوێنی ڕاگیران و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتیانە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.