بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (١٦ی جولایی ٢٠٢٤) دەستەیەک کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوێستانی «قەندیل»ی سەردەشت کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سوپای پاسداران و لە ئەنجامی ئەم دەسڕێژەدا کۆڵبەری لاو کیان زەینی گیانی لە دەست دا و دوو برای کۆڵبەریش بە ناوەکانی پەیمان قادری و کەیوان قادری بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بنکەی سەربازیی «کۆترلە»ی سەردەشت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دەسڕێژیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردووە کە لە ئەنجامدا کیان زەینی، کۆڵبەری ١٩ ساڵانی خەڵکی گوندی «ڕەشەهەرمێ»ی سەردەشت، کوژراوە و پەیمان و کەیوان قادرییش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا (جۆزەردانی ١٤٠٣ / مەی و ژوەنی ٢٠٢٤) سینا ڕەسوولزادە و هەژیر مەحموودپوور، دوو کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت و جوانڕۆ، بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەردەشتدا کوژران. ڕەحیم ئیبراهیمییش دوای ڕاوەدوونران لە لایەن هێزە سنوورپارێزەکانی ئێرانەوە لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت کەوتە ناو ڕووبارەوە و گیانی لە دەست دا.

پەیمان و کەیوان قادری