بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندانەوە / 02.04، بەفر گەمارۆی سەدان گوندی شارەکانی سەقز، بیجار و دیواندەرەی داوە و سەرەڕای گیرانی ڕێگاکانی ئەو گوندانە، دامودەزگا حکومییەکانیش بە هانای دانیشتوانی ئەو گوندانەوە ناچێت.

سەرچاوە جیاوازەکان لە شارەکانی سەقز، بیجار و دیواندەرە لە چەند لێدوانێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان باسی گیرانی ڕێگای سەدان گوندی ئەو شارانەیان بەهۆی بارینی بەفرەوە کرد و گوتیان لە سێ ڕۆژ پێش ئێستاوە هێڵەکانی تەلەفۆن، ئاو، گاز و کارەبای زۆربەی ئەو گوندانە بڕاون.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە لە هەندێک لەو ناوچانەدا تا ٤ مەتریش بەفر باریوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە ڕەوشی دانیشتووانی ئەو گوندانە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی خەڵکی ئەو گوندانە لە ئێستادا لە شارەکانی سەقز، بیجار و دیواندەرەن و سەردانی مانگی سوور و ناوەندی بەڕێوەبەریی پارێزگای کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ڕەشی هاوڵاتیانی ئەو گوندانە بکەن، بەڵام ناوەندە حکومییەکان تاوەکو ئێستا هیچ کارێکیان بۆ کردنەوەی ڕێگاکانی ئە گوندانە ئەنجام نەداوە.

دانش زەندی، بەڕێوەبەری هاتوچۆ و گواستنەوەی پارێزگای کوردستان ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی ئیرنای ئێرانی داوە و ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، هەروەها گوتویەتی: “بارینی بەفر و کڕێوەی قورس بووەتە هۆی گیرانی ڕێگای نێوان دووان لە شارەکان و ٢٥٠ گوندی شارەکانی سەقز، دیواندەرە و بیجار”.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ ئێستا بەهۆی بڕانی کارەباوە دەرفەتی نان کردن لەو گوندانەدا نەماوە و ئەمەیش قەیرانی خۆراک و نانی لەو ناوچانە لێکەوتووەتەوە.

هاوکات بەهۆی گیرانی ڕێگاکانەوە هاوڵاتییە نەخۆشەکان ناتوانن هاتوچۆ بۆ شارەکان بکەن و ئەو هاوڵاتیانەش کە پێشتر چووبوونە شارەکان دەرفەتی گەڕانەوەیان نییە.