لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆسەدانانی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسداران لە گوندەکانی نزیک مەریوان و کامێرانی پارێزگای کوردستاندا شەڕێکی قورس لە نێوان ئەم هێزانە و ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) لێکەوتووەتەوە کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی ئەم حیزبە گیانیان لە دەست داوە و ئەندامێکی دیکەش بە برینداری دەستگیر کراوە.
بەشی پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، بە فەرمی هەواڵی هەر دوو شەڕەکەی پشتڕاست کردۆتەوە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ڕۆژی ٢٠ی ڕه‌زبه‌ر هێزە زەمینییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسداران لە نزیک گوندی «سەڵەسی»ی مەریوان پۆلێک لە ئەندامانی پەژاکیان گەمارۆ داوە و لە ئەنجامی شەڕی قورسی نێوان ئەم دوو هێزەدا، دوو ئەندامی ئەم حیزبە گیانیان لە دەست داوە و ژنێکی جەوانێکی ئەندامی پەژاکیش بە برینداری کەوتۆتە دەست هێزەکانی سپای پاسداران.
هێزەکانی سپای پاسداران تەرمی ئەو دوو ئەندامەی پەژاکیان بردۆتە سپای مەریوان و ئەندامە دەستگیرکراوەکەشیان لە ژێر ڕێوشوێنێکی قورسی ئەمنیدا گواستۆتەوە بۆ دەستبەسەرگەی «شەهرامفەڕ»ی سپای پاسداران لە سنە.
هەندێ لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن ئەم ژنەگەریلایە دوای دەستگیرکردن کەوتۆتە بەر لێدان و ئەشکەنجەی قورسەوە، دەشوترێت کە پێیەکانی بە گوللە پێکراوە و بریندار بووە. ناسنامەی ئەم ئەندامەی پەژاک تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ڕووداوە هاوشێوەکانی ڕابردوو، ئێستا مەترسیی ئەشکەنجەدانی لە لایەن هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە لە ئارادایە.
هێزەکانی سپای پاسداران دوابەدوای شەڕەکە بەرزایی و دارستانەکانی ناوچەکەیان تۆپباران کردووە کە ئەم کارەیان بۆتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی بەشێک لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە.


هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی‌تر، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەریش لە نزیک گوندی «تیلەکۆ»ی کامێراندا پۆلێک لە هێزەکانی پەژاک کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئەم حیزبە بە ناوی دانیال دووستی گیانی لە دەست داوە.
دەوترێت ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئیجازەی نەداوە ڕێوڕەسمی پرسە و ئازیەتباریی ئەم ئەندامەی پەژاک لە مەریوان بەڕێوە بچێت و هەڕەشەی دەستگیرکردنیان لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردووە.