ئێوارەی دوێنێ هێزەکانی بنکەی پۆلیسی دەوڵەتئاوای کرماشان دوای کەوتنەدوای ئۆتۆمبیلێک، تەقەیان لێ کرد و لە ئەنجامدا منداڵێکی ١٧ ساڵان بە ناوی ئەشکان عەزیزی دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و منداڵێکی‌تر بە ناوی بورهان عەزیزی بە قووڵی بریندار بوو.
کەسێکی نزیکی ئەشکان عەزیزی کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بەم ڕووداوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە دەوروبەری کاتژمێر ١٩ی دوێنێ ئێوارەدا ئۆتۆمبیلێکی بنکەی پۆلیسی دەوڵەتئاوای کرماشان بە بیانووی نەبوونی پلاک کەوتۆتە دوای ئۆتۆمبیلێکی جۆری پژۆی ٤٠٥ و لە نزیک کۆماڵی نیشتەجێبوونی مێهری ئەم شارۆچکەیەدا دەسڕێژیان لێ کردووە و لە ئەنجامدا گوللە بەر ئەشکان عەزیزی کەوتووە و کوشتوویەتی».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە بورهان عەزیزییش کە لەگەڵ ئەشکاندا بووە بە قووڵی بریندار بووە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «لە حاڵێکدا دەسڕێژ لەم ئۆتۆمبیلە کراوە کە پلاکەکە لەسەر جامی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکە بووە و ئەو دوو کەسە کە هەردووکیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، لەبەر ئەوەی ئیجازەی لێخوڕینیان نەبووە، ترساون و هەڵاتوون».
ئەم سەرچاوەیە دەڵێت تەرمی ئەشکان گواستراوەتەوە بۆ پزیشکیی یاسایی و وتی: «تا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. بنەماڵەی ئەشکان داوای یاساییان لەسەر هێزەکانی پۆلیسی بنکەی دەوڵەتئاوا تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا هێچ ڕوونکردنەوە و وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە».
شارۆچکەی دەوڵەتئاوا کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری کرماشانەوە، لە ڕیزی گەڕەکە پڕحەشیمەت و بێبەشکراوەکانی کرماشاندایە کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردی یارسان و سوننەن. هێزەکانی پۆلیس پێشتریش لەگەڵ ئەم خەڵکە بەشەڕ هاتوون و تەقەیان لە هاووڵاتییانی ئەم شارۆچکەیە و شارۆچکەکەی تەنیشتی، واتە «دەرەدرێژ»، کردووە. دەوڵەتئاوا لەو گەڕەکانەی کرماشان بوو کە لە جووڵانەوە جەماوەری و سەراسەرییەکەی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨دا ببووە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری و لەم جووڵانەوەیەدا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کوردی ئەم گەڕەکە کەوتنە بەر گوللەی هێزە دەوڵەتییەکان و گیانیان لەدەست دا.