بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی ڕێبەندان(٢٧ی ژانویە)، زیندانیی سیاسیی کورد ئیبراهیم عیساپوور، دوای نزیکەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

دەوترێ ناوبراو پێش ئەوەی ئازاد بکرێت لە لایەن نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ناو زینداندا بانگ کراوە و تیمێکی سێ کەسیی لێپرسەوەکانی ئەم وەزارەتە لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کردووە. ئازادیی ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ٩ ساڵ و ٨ مانگ و بە ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان لەگەڵ داوای مورەخەسیی دواقۆناغی زینداندا ڕووی داوە.

ئیبراهیم عیساپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت، ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٠ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سەردەشت دەستبەسەر کرا و نزیکەی مانگ و نیوێک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی قورسی ڕۆحی و جەستەییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەگەڵ سیروان نژاوی، هاودۆسیەکەی‌تری، ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرە داواکراوەکەی خۆیان و لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕسی ئیسلامیی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەوادی‌کیا” بە تۆمەتی “موحارەبە” لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) داگایی کران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. هاوکات لەگەڵ دەرچوونی ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ١٢ی گوڵانی ١٣٩٢دا هەردووکی ئەم زیندانییانە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دوای ماوەیەک ئەم حوکمە سەرەتا لە دادگای پێداچوونەوە و دواتر لە دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

سیروان نژاوی و ئیبراهیم عیساپوور لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەردەوام لە لایەن نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ناو ئەو زینداندا، دەکەوتنە ژێر زەخت و گوشارەوە و چەندەها جار هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لێ کرا. ئەم دوو زیندانییە لە خەزەڵوەری ١٣٩٣ لەگەڵ ٣٨ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتیی دیکەدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست زەخت و گوشارەکانی ئەو نووسینگە تایبەتە و هەروەها دۆخی قورسی زیندان و جیانەکردنەوەی زیندانییەکان بەپێی تۆمەتەکانیان، بۆ ماوەی ٣٣ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت. دوابەدوای مانگرتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٣دا سیروان و ئیبراهیم دوور خرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی تەورێز.

ئیبراهیم عیساپوور لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی ١٣٩٤دا گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ورمێ و سیروان نژاوی لە ١٨ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا لە زیندانی تەورێز لە سێدارە درا. دوای ئەوەی دیوانی باڵا داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییەی قبووڵ کرد، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ و ناوبراو بە گشتی حوکمی ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، ١٠ ساڵی دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.