کۆمیسیۆنی لێبوردن و بەخشینی دەزگای دادی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد ئەرسەلان خودکامی بە پلەیەک دابەزاند و گۆڕیی بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوە ئەم زیندانییە سیاسییە بانگهێشتی بەردەم نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە و بە فەرمی پێی ڕاگەیەنراوە کە حوکمی لەسێدارەدانەکەی پلەیەک دابەزیوە و گۆڕراوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
پێشتر هەندێ سایتی دەوڵەتیی ئێران هەواڵی ئازادبوون یان کەمکردنەوەی سزای لانیکەم ٣٠ زیندانیی سیاسیی کوردیان بڵاو کردبۆوە.
ئەرسەلان خودکام، ٤٨ ساڵن و هاووڵاتیی خەڵکی مەهابادە، ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە دوای جیابوونەوە لەم حیزبە بە وەرگرتنی ”ئەماننامە” گەڕایەوە بۆ ئێران و ساڵی ١٣٨١ لە سپای پاسداراندا دەستی بە کار کرد. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢ی گوڵانی ١٣٩٧دا بە تۆمەتی ”سیخوڕی” لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سپاوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزانی سپا لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێ خرایە ژێر لێپرسینەوە. لێپرسەوەکان بە مەبەستی گوشار خستنەسەری ئەرسەلان خودکام و وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، ”نەشمیلی قۆیتاسی”ی هاوسەریشیان دەستبەسەر کرد. دواجار ئەم زیندانییە سیاسییە لە ژێر زەخت و گوشاری دەروونی و ئەشکەنجەدانی جەستەییدا بە ناچار دانی بەو تاوانانەدا نا کە لە لایەن دەزگای پاراستنی زانیارییەکانی سپاوە سەبارەت بە پێوەندی و سیخوڕیکردن بۆ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ڕووبەڕووی کرابوویەوە.
دادگای ئەرسەلان خودکام لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا بەبێ ئەوەی مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری هەڵبژێرراوی پێ بدرێت، لە لقی یەکەمی دادگای سەربازیی ورمێ بەڕێوە چوو و لە هەمان ڕۆژدا بە تۆمەتی ”موحارەبە” و ”سیخوڕی” لە بەرژەوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر کرا. دوای ئەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە تانەی لە حوکمەکە دا، دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی بەردەم لقی ٣٢ی دیوانی باڵای ئێران کرا، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی هەمان ساڵدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.