ڕۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، ڕایگەیاند کە مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەم حیزبە، لە شاری هەولێر تیرۆر کراوە. ئەم حیزبە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسی تیرۆرکردنی ئەم ئەندامە پایەبەرزەی خۆی زانیوە.
مووسا باباخانی لەدایکبووی ١٣٦٠ لە «بێڵەوار»ی کرماشان، ساڵی ١٣٧٨ بوو بە ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و لە مقەڕی ئەم حیزبە لە نزیک شاری کۆیەی هەرێمی کوردستانی ئێراق نیشتەجێ بوو. ناوبراو سیمایەکی ناسراوی ناو بزووتنەوەی کوردستانی ئێران و بە تایبەت لە ناو چالاکانی پارێزگای کرماشاندا بوو. لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ و لە کاتی بۆردومانکردنی مقەڕی کۆیەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە، مووسا باباخانییش بریندار بوو. لەم هێرشەدا ١٦ ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان گیانیان بەخت کرد و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.
تیرۆرکردنی مووسا باباخانی لە حاڵێکدایە کە کەمتر لە مانگێک لەمەوپێش و لە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕدا، چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە بە ناوی بێهرووز (ڕێبین) ڕەحیمی لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستانی ئێراق تیرۆر کرا و گیانی لەدەست دا. بنەماڵەی بێهرووز ڕەحیمییش کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسی تیرۆرکردنی ئەم چالاکە سیاسییە دەزانن. زوڵەیخا ناسری، هاوژینی ئەم چالاکە سیاسییە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتووە کە لە ساڵانی نیشتەجێبوونی خۆی و هاوژینەکەی لە هەرێمی کوردستان، دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندەها جار هەڕەشەیان لێ کردوون.
بەم دواییانە و لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا، ناوەندی عەبدوڕەحمان بروومەند لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٥٤٠ حاڵەتی کوشتن یان ڕفاندنی هاووڵاتییانی ئێرانیی لە دەرەوەی وڵات تۆمار کردووە کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ڕووداوانەی چل ساڵی ڕابردوو، ٣٨٠ حاڵەتی کوشتن لە خاکی هەرێمی کوردستانی ئێراقدا ڕوویان داوە.
ئەم ناوەندە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە «لە ڕاپەڕینی ١٣٥٧ بەدواوە دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەدان جار هێرشیان کردۆتە سەر پەنابەرە ئێرانییەکان لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا و چونکوو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچ جۆرە سزایەکیان ڕووبەڕوو نەکراوەتەوە، بەردەوام درێژەیان بە هێرشەکانیان داوە».
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی ناو و یادی مووسا باباخانی و بێهرووز ڕەحیمی و وەبیرهێنانەوەی ڕووداوی تیرۆرکردنی ئێقباڵ مورادی لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا، تیرۆری ئەم چالاکە سیاسییانە شەرمەزار دەکات و داوا دەکات لە جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، لێکۆڵینەوەی پێویست لەسەر ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم تیرۆرانەدا بکات و هەنگاوی کرداریی پتەو و کاریگەر بۆ شەرمەزارکردن و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی کوشتنی دژبەران لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە دەرەوەی وڵات هەڵبگرێت.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەم تیرۆرانە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیدا بە ئەنجام گەیەنراوە، دەکات بە شێوەی ڕوون و ئاشکرا دژ بە کردەوە و پلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کوشتنی چالاکان و پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران هەڵوێست وەربگرێت و پابەند بێت بە بەرپرسایەتییە یاسایی و ئینسانییەکانیەوە لە پرسی پاراستنی گیان و ئاسایشی پەناخوازان و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستاندا و بەپێی یاسا و ڕێسا جیهانییەکان و لەسەر بنەمای هاوکاریکردنی نوێنەرایەتیی کۆمساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بجووڵێتەوە.

نوسخەیەک بۆ:
. جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا
. مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
. نوێنەرایەتیی کۆمساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر