ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی گوڵان (٨ی مەی) دوابەدوای بانگەوازی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوونی ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخادا، مامۆستایانی هەندێ لە قوتابخانەکانی مەریوان دەستیان دایە مانگرتن. وا بڕیارە ڕۆژی دووشەممەیش گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا بەڕێوە بچێت.
ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا، دوو مامۆستای خانەنشین و لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵان و هاوکات لەگەڵ گردبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان لە شارەکانی ئێراندا، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەریوان دەستبەسەر کران و ئێستە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری سنەدان.
دەوترێت ئەم دوو مامۆستایە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دەستبەسەرکردنی نایاسایی خۆیاندا مانیان لە خواردن گرتووە.
لە بەشێکی بانگەوازەکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریواندا هاتووە: «لێدانی مامۆستایان لە نێو و لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا، هەروەها سووکایەتیکردن بە مامۆستایان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی مەریوان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم هەڵسوکەوتە نامرۆڤانەیە، مافی دەربڕینی ناڕەزایەتیی یاسایی بۆ ئەنجومەن و هەموو هاوکارەکان بە شێوەی تاکی، بە مافێکی پارێزراو دەزانێت. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ڕەوتی سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی نایاساییدا، بۆ ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گوڵان (٨ی مەی) داوای مانگرتن لە قوتابخانەکان و بۆ ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گوڵانیش (١٠ی مەی) داوای گردبوونەوە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا دەکات. ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت مانگرتنی یەکشەممە و گردبوونەوەی دووشەممە کەمترین کارێکە بۆ ئازادبوونی مەسعوود نیکخا و ئەسکەندەر لوتفی ئەنجامی دەدات و هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ ئازادبوونی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو و پاراستنی پێگەی مامۆستایان بە ئەنجام دەگەیەنێت».
شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی شەممە ١٧ی گوڵان (٧ی مەی) بڵاو کراوەتەوە، مۆڵەتێکی پێنج ڕۆژەی دیاری کردووە و ڕایگەیاندووە ئەگەر مامۆستایانی دەستبەسەرکراو ئازاد نەکرێن، بانگەوازی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی سەرانسەری بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گوڵان (١٢ی مەی) بڵاو دەکاتەوە.
لەم مانگانەی دوایی و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەیی و مامۆستایانیان لە شارە جیاوازەکاندا دەستبەسەر کرد. سەرچاوە جیاوازەکان ژمارەی دەستبەسەرکراوانیان تا ٧٠ کەس ڕاگەیاندووە.