ڕۆژی ڕابردوو کاسبکارێکی کورد بە ناوی کەنعان یەعقووبی دوای دەمەقاڵەیەک لەگەڵ ئەندامێکی یەکەی پاسەوانانی سنووردا لە ناو حەوشەی گومرگی بازرگاندا کەوتۆتە بەر دەسڕێژی ئەو کەسە و بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئێوارەی ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) یەعقووب کەنعانی، کاسبکاری خەڵکی بازرگان، لە گومرگی نێونەتەوەیی ئەم شارەدا خەریکی کاری بازرگانی بووە کە لە ڕەوتی هەناردەکردنی کاڵادا لەگەڵ ئەندامێکی یەکەی پاسەوانانی سنووری ناو گومرگدا دەبێتە دەمەقاڵەی و ئەو کەسە لە مەودایەکی چەند مەترییەوە لە ناو حەوشەکەی گومرگ دەیداتە بەر دەسڕێژ و برینداری دەکات».

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەندامەکەی یەکەی پاسەوانانی سنوور دوای بریندارکردنی ئەم کاسبکارە گەڕاوەتەوە ناو مقەڕەکەی و کاسبکارانی تری ناو گومرگەکە، یەعقووب کەنعانییان کە لە ڕانی قاچیەوە گوللەی بەر کەوتبوو، گەیاندووەتە نەخۆشخانەی فەجری ماکۆ».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، گوللەکە بەر بەشی سەرەوەی ڕانی کەوتووە و بۆتە هۆی دڕانی هێلکەگونی و خوێێکی بەرچاوی لەبەر ڕۆیشتووە.

کەنعان یەعقووبی، ٣٣ ساڵان، باوکی دوو منداڵی کەمتەمەن و دانیشتووی شاری بازرگانە.