تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوەن) ئەرکان پاڵانی جاف، زیندانیی مەزهەبیی کورد، لە بیست و یەکەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردندا مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دراوە و لە زیندان ئازاد کراوە.
ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانەوە (١٠ی ژوەن) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بێبەشکردنیدا لە ئازادیی مەرجدار، پێنەدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی دابووە مانگرتنی وشک لە خواردن.

دەوترێت ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە ماوەی ٢١ ڕۆژ مانگرتندا زیاتر لە ١٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە و زەختی خوێنیشی کەمتر لە ٩ ڕاگەیەنراوە. ناوبراو لە دوازدەهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا کەوتە بەر ئەشکەنجە و لێدانی هێزەکانی زیندانەوە و بە زۆر لێوە دووراوەکانیان کردەوە.

ئەرکان پاڵانی جاف، هاووڵاتیی سوننەمەزهەبی خەڵکی سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (٣ی سێپتامبری ٢٠١٧) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی ٣ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەکانی ٢٠٩ی ئێڤینی تاران و مەیدانی نەفتی کرماشان، ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کرا.

ناوبراو دوای ماوەیەک لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ داعشدا حوکمی ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بۆ بڕایەوە.