لە یەک حەفتەی ڕابردوو و لە هەندێ ناوچەی شاخاویی سەڵماس وەک «سارای چیچەک»، «خدرشە» و «سەرهەڵان»دا کە شوێنی ئاژەڵداریی دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکەیە، هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان داوەتە ئازاردانی هاووڵاتییانی کورد. هەروەها لە پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ (٧ی جولای)ـەوە و دوابەدوای تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) لە نزیک گوندی «ماتەخرپە»ی سەڵماس، کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر ئەم ناوچانەدا کێشاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم ناوچەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە یەک حەفتەی ڕابردوودا» هێزەکانی سپای پاسدارانی سەڵماس چوونەتە کوێستانەکانی ئەم شارە و دەستیان داوەتە ئازاردانی هاووڵاتییان و ئاژەڵدارانی کۆچەری ئەم ناوچانە و گوشاریان خستۆتە سەریان کە دەبێ سپای پاسداران لە هاتوچۆی هێزەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان ئاگادار بکەنەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی پووشپەڕ (٧ی جولای) لە نزیک بەرزاییەکانی «پەی چووپان»ی سەر بە گوندی «ماتەخرپە»، هێزەکانی سپای پاسداران بۆسەیان ناوەتەوە و ئەمەیش بۆتە هۆی تێکهەڵچوونێکی چەند کاتژمێری لە نێوان ئەم هێزانە و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا کە کوژرانی لانیکەم چوار ئەندامی سپای پاسداران و برینداربوونی کەسێکی تری لێ کەوتۆتەوە.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەیشی زیاد کرد کە دوای ئەوەی هێزەکانی سپای پاسداران ناچار بوون پاشەکشە لە ناوچەکە بکەن، ڕۆژی دواتر بە قورسی ناوچەکەیان تۆپباران کردووە. هەروەها بە هۆی جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە کەشێکی قورسی ئەمنی باڵی بەسەر ئەم ناوچانەدا کێشاوە.

بەشی پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای هێزی زەمینیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، لە بەیاننامەیەکدا تێکهەڵچوونەکەی پشتڕاست کردۆتەوە بەڵام ئاماژەی بە «لەناوبردنی سەرجەم تیمێک» لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە.