بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کامران ئاسا برای کیانووش ئاسا لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩)، دوای پێنج ڕۆژ دەستبەسەربوون ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕێبەندان (٥ی فێبرییە) بە شێوەی کاتی بە کەفالەت ئازاد کراوە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندا مۆڵەتی وەرگرتنی دەواودەرمانە پێویستەکانی پێ نەدراوە و دوای ئازادبوون یەکسەر براوەتە نەخۆشخانە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خەوێنراوە.

کامران ئاسا، مامۆستای ماتماتیک، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندان (٣١ی ژانڤییە) لە شوێنی کارەکەی لە مۆڵی گوڵستانی شاری کرماشان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەی خۆی و هاوسەرەکەی و فەرمانبەرانی تری شوێنەکەیشدا گرتبوو.

لەدوای کوژرانی کیانووش ئاساوە ئەمە چەندەمین جارە کە براکەی و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لە لەیەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە.

کیانووش ئاسا، خوێندکاری زانکۆی زانست و پیشەی تاران و چالاکوانی مەدەنی بوو کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠٠٩، لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٨٨دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٠٩) کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی بەسیج و گیانی لەدەست دا.