بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو سێ برای چالاکی یارسان بە ناوەکانی سەیدئەمین عەباسی، سەیدکەرەم عەباسی و سەیدسرووش عەباسی بانگهێشت کراونەتە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەحنە. تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی ئێران» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە کوردانە کراوەتەوە.

بەپێی بانگهێشتنامەکە، ئەم ٣ چالاکە مەدەنییەی یارسان لە کاتی ڕاگەیاندنی نامەکەوە، ماوەی ٥ ڕۆژ مۆڵەتیان پێ دراوە تاکوو لە بەردەم لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەحنەدا ئامادە بن و دوایین بەرگرییەکانیان پێشکەشی دادگاکە بکەن.

سەیدئەمین عەباسی و سەیدسرووش عەباسی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز (٣٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لەگەڵ ٥ چالاکی یارسانیی تردا بە ناوەکانی سیاوەش حەیاتی، کاکی فەرزاد ئەڵماسی، عەلی نەزەری، محەممەد قبووڵی و ڕووزبێهـ حەیاتی لە کاتی گەڕانەوەدا لە ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژادەوە، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە نێوان سەحنە بۆ کرماشاندا لە بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی بێستوون لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی و بە بێڕێزی و لێدان دەستبەسەر کران.

سیدکەرەم عەباسی، لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی یارسانیش لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا (١ی دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ساوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە لە کرماشان.

ئەم سێ چالاکە یارسانە لە ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزدا (١٧ی دێسامبری ٢٠٢٢) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە گوازرانەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان و لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباردا (٢ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) دوای ٣٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی کەفالەت بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزان (١٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی سەیدخەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگای یارسان، لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری. هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و ژمارەیەکی زۆریان دەستبەسەر کرد.