بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەڕۆ دووشەممە ١٥ی ڕەشەمە (٦ی مارس) هۆڵی وەرزشیی ئازادی لە شاری بیجاڕ بە بیانووی «هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک» بە دەستووری داواکاری گشتیی ئەم شارە پۆلۆمپ کراوە.

ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمە (٣ی مارس) لەم هۆڵە وەرزشییەدا فێستیڤاڵی خواردن لە لایەن شۆرای شاری بیجاڕەوە بەڕێوە چوو و لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا «هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەک»ی ئامادەبووان بووە مایەی ناڕەزایی بەربڵاوی ئیسلامییە توندڕەوەکانی ئەم شارە.

لەبەر زەخت و گوشاری دامەزراوە و کەسایەتییە مەزهەبییە توندڕەوەکانی شاری بیجاڕ، دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە دۆسیەی یاسایی بۆ ئەندامانی شۆرای شار، بەرپرسی هۆڵەکە و محەممەد ئاقایی، ڕۆژنامەوانی کورد، کردووەتەوە. هەروەها بە دەستووری داواکاری گشتیی بیجاڕ پۆلیس هۆڵەکەی داخستووە.

ڕۆژنامەوانی کورد محەممەد ئاقایی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی بڵاوکردنەوەی تارۆزئامێز و کۆمێدییانەی هەواڵەکانی شاری بیجاڕەوە بانگهێشتی بەردەم دادگا کراوە و دۆسیەی یاسایی بۆ کراوەتەوە.