سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی کوردستان لە ماکۆ باس لە تۆپبارانکردنی ناوچەی سنووریی «بورئالان»ی ماکۆ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەکەن.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی جۆزەردان (٦ی ژوەن) هێزەکانی سوپای پاسداران هاووڵاتیانی گوندەکانی نزیک بەو کوێستانەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بۆیان نییە هاتوچۆی بەرزاییە سنوورییەکانی بورئالان بکەن. هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی سوپای پاسداراندا لە هاووڵاتیان و جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزەکانی سوپا، لە ڕۆژی ڕابردووەوە ئەم بەرزاییە سنوورییانە بە چڕی لە لایەن سوپای پاسدارانەوە تۆپباران دەکرێت.

تۆپبارانکردنی ئەم کوێستانە سنوورییە هاوکاتە لەگەڵ گواستنەوەی بەربڵاوی هێزەکانی سوپای پاسداراندا بۆ شارەکانی شنۆ، پیرانشار، بانە، مەریوان، ڕوانسەر و پاوە.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا (١ی ژوەن) چیای شاهۆ لە پارێزگای کرماشان بە درۆنەکانی سوپای پاسداران بۆردومان کرابوو. لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم هێزانە بە چەکوچۆڵی قورس و نیوەقورسەوە لە دەوروبەری چیای شاهۆ لە ناوچەی شاهۆی شاری ڕوانسەری پارێزگای کرماشان جێگیر کراون.