تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لیژنەی لێپێچینەوە ئیدارییەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریی ئێران حوکمی خانەنشینکردنی ئیجباریی شیلان یووسفی، مامۆستای کوردی خەڵکی سەقز، کە پێشتر لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێپێچینەوە ئیدارییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستانەوە دەرکرابوو، وەک خۆی پەسەند کردووەتەوە. لەم حوکمەدا پلەی کاریی ئەم مامۆستا کوردەیش دوو پلە دابەزێنراوە.

شیلان یووسفی، مامۆستای فیزیای دواناوەندییەکانی سەقز کە پێشینەی ٢٣ ساڵ وانەوتنەوەی هەیە، لە سەرەتای ئەمساڵدا و دوابەدوای دۆسیەسازی و شکاتی بەشی پاراستنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری سەقز، لە لایەن لیژنەی یەکەمی لێپێچینەوە ئیدارییەکانی ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستانەوە سزای خانەنشینکردنی ئیجباری و دابەزاندنی دوو پلەی کاریی بەسەردا سەپابوو.

دەوترێت بەشی پاراستنی ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی شاری سەقز بە بیانووی بەشداریکردنی ئەم مامۆستایە لە گردبوونەوەی پیشەیی مامۆستایاندا و پشتیوانیکردنی لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دۆسیەیان لەسەر دروست کردبوو.

دوابەدوای پەسەندکردنی حوکمەکەی ئەم مامۆستا سەقزییە، شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم حوکمە نایاساییانە، ڕایگەیاندووە کە پەنابردنی بەردەوام بۆ سزای وەک دەرکردن، دابەزاندنی پلە، خانەنشینکردنی زۆرەملێ، دوورخستنەوە لە ئەرک و… لە ئاست مامۆستایاندا، نیشانەی زاڵبوونی فەزای سەربازی و ئەمنییە بەسەر وەزارەتی پەروەردە و فێرکاریدا و داوای لە مامۆستایان کردووە لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا بوەستن.