دوابەدوای داواکاریی فەرمیی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بۆ بوونەئەندام لە هاوپەیمانیی ئیمپەکت ئێراندا، ڕۆژی ١٥ی مارس ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە ڕەزامەندیی خۆیان بۆ داواکارییەکە نیشان دا و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان و ئەنجومەنی قەڵەمی ئامریکا وەک ئەندامی ئیمپەکت ئێران وەرگیران.

ئیمپەکت ئێران پێک هاتووە لە ١٩ ڕێکخراوەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و هەوڵ دەدات بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بەدیهێنانی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ئێراندا. ئەم هاوپەیمانییە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەیەکی فرەڕەنگ و فرەچەشن لەو کەسایەتی و ڕێکخراوە چالاکانە دەکات کە پابەندن بە بەهێزکردنی دەنگی کۆمەڵگای مەدەنیی ئێران لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وەک ڕێکخراوەیەکی نادەوڵەتیی سەربەخۆ و قازانجنەویست، ساڵی ٢٠١٤ لە وڵاتی فەرەنسا بە شێوەی فەرمی و یاسایی تۆمار کراوە. ئەم دامەزراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ دوور لە هەرجۆرە گرێدراوییەکی حیزبی و سیاسی، کار دەکات بۆ فێرکاری و برەوپێدانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و بەبەڵگەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی لە کوردستان/ئێراندا ئەنجام دەدرێن.

هەر بەم مەبەستە، ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بە هەر سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، هەروەها ئێکاونت و کەناڵە فەرمییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە بووە بە ئەندامی «هاوپەیمانیی جیهانیی دژ بە سزای لەسێدارەدان». هەروەها لە چەند ساڵی ڕابردوو و لە بواری تۆمارکردن و بەبەڵگەکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤدا لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکاندا، لەوانە ACLED ، هاوکارییەکی چالاکانەی هەبووە.