ئەکبەر لەکستانی هاوڵاتی ئێرانی – ئەمریکایی کە هەفتەی پێشوو لە سنووری سێرو لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دەستبەسەر کرابوو، رۆژی ١٣ی رەزبەر/ 10.05 لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “ئەکبەر لەکستانی کە چەند رۆژ لەمەوبەر بۆ بەندی ٣-٤ گواسترابوویەوە، ئەمجارەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگواسترا.”

ئەکبەر لەکستانی رۆژی ٦ی رەزبەر/ 09.28 پاش ئەوەی لە سنووری “سەرو”ی ورمێوە دێتە ناو خاکی ئێرانەوە، دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی چەند رۆژ لە دەستبەسەرگەی یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. پاشان لە رۆژی ١١ی رەزبەر بۆ یەکەمین جار پاش دەستبەسەربوونی کاتی، توانیویەتی پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێت و ئاگاداریان بکاتەوە کە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستراوەتەوە.

ئەکبەر لەکستانی بەرپرسی پێشووی شارەوانی شاری “شوت” بووە و پێشینەی بەشداری شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عیراقی هەیە.

ئەو پێشتر لە ساڵی ١٣٨٧/ 2008 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری خۆیەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و سوکایەتی بە بەپرسانی کۆماری ئیسلامی بە سێ ساڵ بەندکران مەحکوم کرابوو.

ئەکبەر لەکستانی لە ساڵی ١٣٨٨/ 2009 لە کاتی وەرگرتنی مورەخەسی ئێرانی جێهێشت و پاشان چووە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.