تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیویەتی، “محەمەد داوەری” چالاکوانی سیاسی خەڵکی یاسوج کە رۆژی ٩ی رەزبەر/ ١٠.٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای فارسەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شیراز (ناسراو بە دەستبەسەرگەی پلاکی ١٠٠) دەستبەسەرە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی ئەم چالاکوانە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “بنەماڵەی داوەری بۆ ماوەی هەفتەیەک هیچ زانیارییەکان سەبارەت بە رۆڵەکەیان لە بەردەستدا نەبوو. بەو پێیەی کە محەمەد داوەری لە ناو رێدا و لە کاتی چوونەوەی بۆ ماڵ دەستبەسەر کراوە، بنەماڵەکەی ئاگایان لە چارەنووسی نەبوو. ئەم چالاکە سیاسییە سەرەنجام لە رێکەوتی ١٤ی رەزبەر/ ١٠.٠٦ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردبووەوە کە دەستبەسەر کراوە.”

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەمە دوا پەیوەندی محەمەد داوەری لەگەڵ بنەماڵەکەی بووە. تا ئێستاش  بنەماڵەکەی چاویان پێی نەکەوتووە و هیچ زانیارییەکیش سەبارەت بە تۆمەت یان تۆمەت گەڵێک کە خراوەتە پاڵی لە بەر دەست نییە.

محەمەد داوەری تا ئێستا شەش جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان ئەم چالاکوانە سیاسییەیان دوو جار لەو شەش جارە لە دەرەوەی ماڵ دەستبەسەر کردووە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە فەرەیدوون داوەریی باوکی توشی جەڵدە بێت و بکەوێتە ژێر چاودێریی پزیشکیەوە.

هەندێک لە چالاکییەکانی محەمەد داوەری بریتی بوون لە: دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی هەژاری خەڵکی پارێزگای کەهگیولیە و بویرئەحمەد و خستنەڕوی زانیاری سەبارەت بە رۆڵی سپای پاسداران لە كەوتنەخوارەوەی فرۆکەی تاران – یاسوج و هەروەها لە قاودانی گەندەڵی دارایی و ئەخلاقی لە پێکهاتەی پزیشکی و دەرمانی ئەم پارێزگایەدا.

سپای پاسداران پێشتر بە هۆی ئەم چالاکییانەیەوە سکاڵای دژی داوەری  تۆمار کردبوو و دواتر لە دادگا بە تۆمەت‌گەلی “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی لە رێگای شێواندنی ڕایگشتییەوە پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

دەگوترێت، سەرەڕای ئەوەیکە پزیشکی یاسایی پشتڕاستی کردبوویەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر لەشی محەمەد داوەری دیار بووە، سکاڵاکەی لە ناوەندە ئەمنییەکان بێ ئاکام ماوەتەوە. ئەم چالاکوانە سیاسییە هەروەها بە هۆی رەخنەگرتن لە سێ نوێنەری پارێزگای کەهگیولیە و بویر ئەحمەد لە پارلەمانی ئێران، چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە.

محەمەد داوەری خوێندکاری ماستەرە لە بواری زانستی سیاسی لە زانکۆی یاسوج و لە دایک بووی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی (١٩٩٤ی زاینی)ە.