بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر/ ١١.١٣، “مێحراب حەسەن پور”، هاوڵاتیی خەڵکی ورمێ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.

ئەم هاوڵاتییە کوردە نزیکەی ٢٠ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو و تا رۆژی ٢٢ی خەزەڵوەر/ ١١.١٣ لە دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

مێحراب حەسەن پور لە ئێستادا لە بەندی ٣ـ٤ی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لەگەڵ بەندکراوانی ئاساییدا بەندکراوە.

بە پێی یاسایەکی پەیوەست بە بەندیخانەکان، دەبێت بەندکراوان بە گوێرەی “تاوان” لێک جیا بکرێنەوە.

دەگوترێت زۆر جار بەندکراوانی سیاسی بەئەنقەست تێکەڵ بە بەندکراوانی ئاسایی دەکرێن کە ئەمەش وەكوو فشار خستنەسەر  و ئەشکەنجەی دەروونیی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا ئەژماردەكرێت.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان تۆمەتی “هاوکاریکردنی یەک لە حیزبە کوردستانییەکان”ین خستووەتە پاڵ ئەو هاوڵاتییە کوردە.