بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “ ئانیسا جەعفەریمهر“، چالاکوانی کولتوری کورد چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا پاش واژۆکردنی بەڵێننامە ئازادکرا. ناوبراو سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٦ی سەرماوەز / ١٢.١٧ لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شابادی سەربە پارێزگای کرماشان دەستبەسەرکرابوو.
ئەو چالاکوانە کولتورییە کوردە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شابادەوە دەستبەسەرکرابوو و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک سەبارەت بە چالاکییە کولتورییەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو.
ئانیسا جەعفەریمهر لە کاتێکدا دەستبەسەرکرابوو کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ چالاکوانی کولتوریی دیکە بە ناوەکانی “سۆهراب مورادی“، “داریوش مورادی” و “ئەحمەد بەساتی” لە شاباد و “ئاکۆ جەلیلیان“، نووسەر و توێژەری کورد لە کرماشان دەستبەسەرکراون.
ئانیسا جەعفەریمهر، خوێندکاری ماستەری کۆلێژی زمانی زانکۆی کوردستان و یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نووسەرانی گۆڤاری ئەدەبی و کولتوریی “ژ” یە.