لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو، “هۆمایون بەهمەنی”، چالاکوانی ژینگەپارێز بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی سنە کرا، هاوکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی “سۆهراب ڕەحیمی” لە شاباد و دەستبەسەریان کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانبار / ١٢.٢٩، هۆمایون بەهمەنی بەمەبەستی تێپەڕکردنی ٢ ساڵ و ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.

ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە ٢٠ی خەزەڵوەری ساڵی پار / ٢٠١٨.١١.١١ لە ڕێگەی نێوان سنە و سەقز دا دەستبەسەرکرا و زیاتر لە ٤ مانگ لە دەستبەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و پاشان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازادکرا.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتەکانی “پەیوەندیکردن بە حزبێکی کوردستانی”، “هەوڵدان بە تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” و “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی” بە ٥ ساڵ بەندکران سزادرا. ئەو سزایە لە ئەنجامدا لە دادگای پێداچوونەوەی سنەدا بۆ ٢ ساڵ و ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران کەم کرایەوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی “سۆهراب ڕەحیمی” لە شابادی کرماشان و پاش پشکنینی ماڵەکە و دەستبەسەرداگرتنی هەندێک کەلوپەلی شەخسیی، دەستبەسەریان کرد.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نەزانراوە کە سۆهراب ڕەحیمی لەلایەن کامە ناوەندی ئەمنییەوە دەستبەسەرکراوە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکوانە کولتورییەکانی شاباد و کرماشان، پێدەچێت لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابێت.

سۆهراب ڕەحیمی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی و کۆماری ئیسلامی گرتبوو و پشتگیریی بەیاننامەی ١٤ چالاکوانی مەدەنیی ئێرانی کردبوو کە تێیدا داواکرابوو ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەست لە کار بکێشێتەوە.

ناوبراو هەروەها لە کەمپێنی کۆکردنەوەی هاوکاری  بۆ لێقەوماوانی لافاوی لوڕستان بەشداری کردبوو و ڕەخنەی لە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوا) گرتبوو.