به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لانیکەم ١٥ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد کە لە چەند مانگی پێشوودا بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی شارەکانی سنە، سەقز، بانە، مەریوان، کامێران و سەوڵاوادا دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەی قورسدان.

بەپێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کۆی کردۆتەوە، لە گوڵانی ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٧٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای کوردستاندا لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ دەستبەسەرگە ئەمنیەتییەکەی ئەم ڕێکخراوەیە لە سنەدا.

لانیکەم ١٥ کەس لەم دەستگیرکراوانە هێشتا هەر لەو دەستبەسەرگەیەدا لە ژێر گوشار و لێپرسینەوەی قورسدان کە بریتین لە: یووسف ئەحمەدی لە ١٨ی گوڵانەوە، یاسر ئەدوایی لە سەرەتای پووشپەڕەوە، ئەفشین شێخولئیسلامی لە ٧ی پووشپەڕەوە، فەرانەک جەمشیدی لە ٨ی پووشپەڕەوە، عوسمان ڕەحیمی‌فەرد لە ٩ی پووشپەڕەوە، سەیدکامیل شێخ‌ئەحمەدی لە ١٤ی پووشپەڕەوە، میعراج مورتەزایی لە ٧ی گەلاوێژەوە، فەریاد عەبدی لە ٨ی گەلاوێژەوە، فەرزاد حسەینی لە ١٣ی گەلاوێژەوە،ئارمیا ڕەنجبەری لە ١٥ی گەلاوێژەوە، عەلی قادری لە ١٥ی گەلاوێژەوە، هێمن کەریمی لە ١٥ی گەلاوێژەوە، هیوا ئەمینی لە ١٥ی گەلاوێژەوە، وریا ئەمینی لە ١٥ی گەلاوێژەوە و مادێح فەتحی لە ٢٠ی گەلاوێژەوە.

سەرجەم ئەم کەسانە تا ئێستا مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە و تەنیا هەندێکیان پێوەندییەکی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەیان گرتووە و ڕایانگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدان. هەروەها سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بنەماڵەکان بۆ دادگا و دەزگا ئەمنییەکان، تا ئێستاش دەرنەکەوتووە لەبەر چی گیراون و چ تۆمەتێکیان لەسەرە.