به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران، شەوی ڕابردوو داریوش مورادی، ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی کولتووری-ئەدەبیی «هەسارە»یان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شابادی پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کردووە. هەروەها ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسیی ناوبراودا و لەوانە مۆبایلەکەی، گرتووە.

دەستبەسەرکردنی داریووش مورادی هاوکاتە لەگەڵ دەستبەسەرکردنی چالاکێکی فەرهەنگیی‌تری ئەم شارەدا بە ناوی ئانیسا جەعفەری‌میهردا، تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ڕۆژی ڕابردوو لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئانیسا جەعفەری‌میهری بڵاو کردبۆوە، بەڵام ڕایگەیاندبوو کە هێشتا زانیارییەک لەسەر ئەو دەزگایە دەستبەسەری کردووە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنەکەی بەردەست نەکەوتووە، بەڵام بە وتەی بنەماڵەی خانمی جەعفەری‌میهر، ناوبراو ئەمڕۆ پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵیاندا گرتووە و وتوویەتی لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای کرماشاندایە. ئانیسا جەعفەری‌میهر لەم پێوەندییەدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی کەسی‌تر بکات، وتوویەتی کە هاوکات کەس یان کەسانێکی دیکەیش لەگەڵ ئەودا دەستبەسەر کراون، هەروەها داوای لە بنەماڵەکەی کردووە پارێزەرێکی بۆ دیاری بکەن.

داریوش مورادی و ئانیسا جەعفەری‌میهر لە سەرماوەزی ساڵی پار و لە کاتی دەستبەسەرکردنی لانیکەم ٧ چالاکی فەرهەنگیی شاباد و کرماشاندا دەستبەسەر کرابوون. ئەگەرچی خانمی جەعفەری‌میهر دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی کەفالەت ئازاد کرابوو، بەڵام داریووش مورادی و چالاکە فەرهەنگییە دەستبەسەرکراوەکانی‌تر بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای کرماشاندا مابوونەوە.